لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 14:10-30

یوخه‌ننه‌ن 14:10-30 PNTZS

به‌ڵام من شوانێكی دڵسۆزم. هی خۆم ده‌ناسم و هی خۆشم ده‌مناسن، وه‌ک باوک ده‌مناسێت، منیش باوک ده‌ناسم. ژیانم بۆ كاوڕه‌كان داده‌نێم. هه‌روه‌ها كاوڕی دیكه‌م هه‌یه‌ سه‌ر به‌م پشتیره‌یه‌ نین، ده‌بێ ئه‌وانیش بهێنم، ئه‌وانیش گوێیان له‌ ده‌نگم ده‌بێت، جا ده‌بنه‌ یه‌ک مێگه‌ل و یه‌ک شوان. بۆیه‌ باوک منی خۆشده‌وێت، چونكه‌ ژیانی خۆم داده‌نێم تاكو وه‌ریبگرمه‌وه‌. كه‌س له‌ منی ناستێنێت، به‌ڵكو خۆم دایده‌نێم. ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌ دایبنێم و ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌ بیبه‌مه‌وه‌. ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌م له‌ باوكمه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌”. به‌هۆی ئه‌م قسانه‌ دیسان دووبه‌ره‌كی له‌نێو جووه‌كان په‌یدابوو. زۆربه‌یان وتیان: “شه‌یتانی تێدایه‌ و وڕێنه‌ ده‌كات. بۆچی گوێی لێ ده‌گرن؟” هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “ئه‌مه‌ قسه‌ی یه‌كێک نییه‌ شه‌یتانی تێدا بێت. ئایا شه‌یتان ده‌توانێت چاوی نابینا بكاته‌وه‌؟”. زستان بوو و له‌ یروشلایم جه‌ژنی ته‌رخانكردن بوو، ئیشۆعیش له‌ په‌رستگادا له‌ هه‌یوانی شلیمون پیاسه‌ی ده‌كرد. جووه‌كان لێی كۆبوونه‌وه‌ و پێیان وت: “تا كه‌ی به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌مانهێڵیته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، به‌ ئاشكرا پێمان بڵێ”. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “من پێم وتن به‌ڵام باوه‌ڕ ناهێنن. ئه‌و كارانه‌ی به‌ ناوی باوكمه‌وه‌ ده‌یكه‌م، گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن. به‌ڵام باوه‌ڕ ناهێنن، چونكه‌ له‌ كاوڕه‌كانم نین وه‌كو پێم وتن. كاوڕه‌كانم گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرن، منیش ده‌یانناسم و دوامده‌كه‌ون، ژیانی جاویدانیان ده‌ده‌مێ و تاهه‌تایه‌ له‌ناو ناچن، كه‌سیش له‌ ده‌ستم نایانڕفێنێت. باوكم كه‌ به‌ منی داون له‌ هه‌مووان مه‌زنتره‌، كه‌سیش ناتوانێت له‌ ده‌ستی باوكم بیانڕفێنێت. من و باوک یه‌كین”.