لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 31:1-51

یوخه‌ننه‌ن 31:1-51 PNTZS

منیش نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام تاكو بۆ ئیسڕائیل ده‌ربكه‌وێت، بۆیه‌ هاتووم به‌ ئاو عه‌ماد بكه‌م”. یوخه‌ننه‌ن گه‌واهیی دا و وتی: “بینیم ڕووح وه‌ک كۆترێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زی و له‌سه‌ری نیشته‌وه‌. من نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی ناردووه‌ به‌ ئاو عه‌مادبكه‌م، ئه‌و پێی فه‌رمووم: ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت ڕووحه‌كه‌ داده‌به‌زێت و له‌سه‌ری ده‌نیشێته‌وه‌، ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا عه‌مادتان ده‌كات. خۆم بینیم و گه‌واهیم دا كه‌ ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودایه‌”. بۆ به‌یانی دیسان یوخه‌ننه‌ن له‌گه‌ڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوه‌ستابوو، ئیشۆعی بینی ڕێی ده‌كرد، وتی: “ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا!” دوو قوتابییه‌كه‌ بیستیان قسه‌ی ده‌كرد، دوای ئیشۆع كه‌وتن. ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌ و بینی به‌ دوایدا دێن، فه‌رمووی: “چیتان ده‌وێت؟” وتیان: “ڕابی” واتا مامۆستا، له‌كوێ ده‌مێنیته‌وه‌؟” پێی فه‌رموون: “وه‌رن، ببینن”. ئه‌وانیش هاتن و بینییان له‌كوێ ده‌مایه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵی مانه‌وه‌، نزیكه‌ی كاژێری ده‌ بوو. ئه‌ندراوسی برای شیمعون په‌تڕۆس، یه‌كێک بوو له‌و دووانه‌ی كه‌ گوێیان له‌ یوخه‌ننه‌ن بوو و دوای ئیشۆع كه‌وتن. یه‌كه‌مجار شیمعونی برای بینی، پێی وت: “مه‌سیامان دۆزییه‌وه‌” واتا مه‌سیح. هێنایه‌ لای ئیشۆع. ئیشۆعیش ته‌ماشای كرد و فه‌رمووی: “تۆ شیمعونی كوڕی یۆنای، به‌ڵام بانگ ده‌كرێیت كیپه‌”. واتا په‌تڕۆس. بۆ سبه‌ینێ ئیشۆع ویستی بۆ گلیلا ده‌ربچێت، پیلیپوسی بینی، پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. پیلیپوس خه‌ڵكی بتسه‌یادا بوو، شاره‌كه‌ی ئه‌ندراوس و په‌تڕۆس. پیلیپوسیش نه‌تنیئێلی بینی، پێی وت: “ئه‌وه‌ی كه‌ مووشێ له‌ ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران له‌سه‌ریان نووسیوه‌ دۆزیمانه‌وه‌، ئیشۆعی كوڕی یۆسپی خه‌ڵكی ناسڕه‌ت”. نه‌تنیئێل پێی وت: “له‌ ناسڕه‌ت‌ شتی چاک هه‌ڵده‌كه‌وێ؟” پیلیپوس پێی وت: “وه‌ره‌ و ببینه‌”. ئیشۆع نه‌تنیئێلی بینی بۆ لای دێت، ده‌رباره‌ی فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا ئیسڕائیله‌كی ڕه‌وایه‌ كه‌ فێڵی تێدا نییه‌” نه‌تنیئێل پێی وت: “چۆن ده‌مناسیت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “پێش ئه‌وه‌ی پیلیپوس بانگت بكات، له‌ ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ بوویت، تۆم بینی”. نه‌تنیئێل وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت! تۆ پاشای ئیسڕائیلیت!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “باوه‌ڕت هێنا، چونكه‌ پێم وتیت له‌ ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ تۆم بینی؟ وا شتی له‌مه‌ مه‌زنتر ده‌بینیت!” ئینجا پێی فه‌رموو: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ئێستاوه‌ ده‌بینن ئاسمان كراوه‌ته‌وه‌ و فریشته‌ی خوداش له‌سه‌ر ڕۆڵه‌ی مرۆڤ سه‌رده‌كه‌ون و داده‌به‌زن”.