لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 29:1-42

یوخه‌ننه‌ن 29:1-42 PNTZS

بۆ به‌یانی یوخه‌ننه‌ن بینی ئیشۆع به‌ره‌و لای دێت، وتی: “ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا، ئه‌وه‌ی گوناهی جیهان هه‌ڵده‌گرێت! ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باسم كرد، پیاوێک دوای من دێت پێشم كه‌وت، چونكه‌ پێش من بووه‌. منیش نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام تاكو بۆ ئیسڕائیل ده‌ربكه‌وێت، بۆیه‌ هاتووم به‌ ئاو عه‌ماد بكه‌م”. یوخه‌ننه‌ن گه‌واهیی دا و وتی: “بینیم ڕووح وه‌ک كۆترێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زی و له‌سه‌ری نیشته‌وه‌. من نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی ناردووه‌ به‌ ئاو عه‌مادبكه‌م، ئه‌و پێی فه‌رمووم: ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت ڕووحه‌كه‌ داده‌به‌زێت و له‌سه‌ری ده‌نیشێته‌وه‌، ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا عه‌مادتان ده‌كات. خۆم بینیم و گه‌واهیم دا كه‌ ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودایه‌”. بۆ به‌یانی دیسان یوخه‌ننه‌ن له‌گه‌ڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوه‌ستابوو، ئیشۆعی بینی ڕێی ده‌كرد، وتی: “ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا!” دوو قوتابییه‌كه‌ بیستیان قسه‌ی ده‌كرد، دوای ئیشۆع كه‌وتن. ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌ و بینی به‌ دوایدا دێن، فه‌رمووی: “چیتان ده‌وێت؟” وتیان: “ڕابی” واتا مامۆستا، له‌كوێ ده‌مێنیته‌وه‌؟” پێی فه‌رموون: “وه‌رن، ببینن”. ئه‌وانیش هاتن و بینییان له‌كوێ ده‌مایه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵی مانه‌وه‌، نزیكه‌ی كاژێری ده‌ بوو. ئه‌ندراوسی برای شیمعون په‌تڕۆس، یه‌كێک بوو له‌و دووانه‌ی كه‌ گوێیان له‌ یوخه‌ننه‌ن بوو و دوای ئیشۆع كه‌وتن. یه‌كه‌مجار شیمعونی برای بینی، پێی وت: “مه‌سیامان دۆزییه‌وه‌” واتا مه‌سیح. هێنایه‌ لای ئیشۆع. ئیشۆعیش ته‌ماشای كرد و فه‌رمووی: “تۆ شیمعونی كوڕی یۆنای، به‌ڵام بانگ ده‌كرێیت كیپه‌”. واتا په‌تڕۆس.