لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 15:1-34

یوخه‌ننه‌ن 15:1-34 PNTZS

یوخه‌ننه‌ن گه‌واهیی بۆ دا، هاواری كرد و وتی: “ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وتم: ئه‌وه‌ی دوای من دێت پێشم كه‌وت، چونكه‌ له‌پێش من بووه‌”. هه‌موومان له‌ پڕی ئه‌و، به‌خشش له‌سه‌ر به‌خششمان وه‌رگرت. چونكه‌ ته‌ورات به‌ مووشێ‌ درا، به‌ڵام به‌خشش و ڕه‌وا به‌ ئیشۆعی مه‌سیحه‌وه‌ بوون. هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌، ڕۆڵه‌ی تاقانه‌، ئه‌وه‌ی له‌ باوه‌شی باوكدایه‌، ئه‌و ده‌ریخست. ئه‌مه‌ش گه‌واهییه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌نه‌، كاتێ جووی یروشلایم، كاهین و لیوییان نارده‌ لای پرسی لێ بكه‌ن: “تۆ كێیت؟” دانی پیا نا و نكۆڵی نه‌كرد، وتی: “من مه‌سیحه‌كه‌ نیم”. ئینجا لێیان پرسی: “ئه‌ی كێیت؟ ئیلییای؟” وتی: “نا، ئه‌و نیم”. “ئه‌ی تۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی؟” وتی: “نه‌خێر”. ئینجا پێیان وت: “باشه‌ تۆ كێیت؟ تا وه‌ڵامێک بده‌ینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێمه‌یان ناردووه‌، ده‌رباره‌ی خۆت چی ده‌ڵێی؟” وتی: “ {من ده‌نگی هاوارگه‌رێكم له‌ ده‌شتوده‌ره‌وه‌ دێ: “ڕێگای په‌روه‌ردگار ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێبازه‌كانی ڕاست بكه‌ن} . وه‌ک ئێشه‌عیای پێغه‌مبه‌ر وتوویه‌تی”. نێردراوانیش له‌ په‌ڕیشییه‌كان بوون، پرسیان لێكرد و پێیان وت: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌ نیت و ئیلییا نیت و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ش نیت، ئیتر بۆچی عه‌ماد ده‌كه‌یت؟” یوخه‌ننه‌نیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و وتی: “من به‌ ئاو عه‌مادتان ده‌كه‌م، به‌ڵام یه‌كێک له‌نێوانتان ڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ نایناسن، ئه‌و دوای من دێت، من شایسته‌ نیم ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه‌”. ئه‌مانه‌ له‌ بتعه‌بڕا ڕوویدا، له‌وبه‌ری یوردنه‌نه‌وه‌، كه‌ یوخه‌ننه‌ن عه‌مادی ده‌كرد. بۆ به‌یانی یوخه‌ننه‌ن بینی ئیشۆع به‌ره‌و لای دێت، وتی: “ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا، ئه‌وه‌ی گوناهی جیهان هه‌ڵده‌گرێت! ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باسم كرد، پیاوێک دوای من دێت پێشم كه‌وت، چونكه‌ پێش من بووه‌. منیش نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام تاكو بۆ ئیسڕائیل ده‌ربكه‌وێت، بۆیه‌ هاتووم به‌ ئاو عه‌ماد بكه‌م”. یوخه‌ننه‌ن گه‌واهیی دا و وتی: “بینیم ڕووح وه‌ک كۆترێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زی و له‌سه‌ری نیشته‌وه‌. من نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی ناردووه‌ به‌ ئاو عه‌مادبكه‌م، ئه‌و پێی فه‌رمووم: ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت ڕووحه‌كه‌ داده‌به‌زێت و له‌سه‌ری ده‌نیشێته‌وه‌، ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا عه‌مادتان ده‌كات. خۆم بینیم و گه‌واهیم دا كه‌ ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودایه‌”.