لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبڕانییه‌كان 1:2-13

عیبڕانییه‌كان 1:2-13 PNTZS

بۆیه‌ ده‌بێ وریاتر بین له‌وه‌ی بیستمان، نه‌وه‌ک لێی لابده‌ین. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌ی فریشته‌كان فه‌رموویانه‌ چه‌سپاون، هه‌موو ده‌ستدرێژی و سه‌رپێچییه‌ک سزای دادپه‌روه‌رانه‌ی وه‌رگرتووه‌، جا ئێمه‌ چۆن ده‌رباز بین ئه‌گه‌ر ڕزگارییه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ک ئه‌مه‌ پشتگوێ بخه‌ین؟ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار په‌روه‌ردگار باسی فه‌رمووه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی بیستیان بۆمان چه‌سپا، خوداش له‌گه‌ڵیان گه‌واهیی دا، به‌ نیشانه‌ و كاری سه‌یر و په‌رجوی جۆراوجۆر و به‌هره‌كانی ڕووحی پارسا به‌گوێره‌ی خواستی خۆی. ئه‌و جیهانه‌ی وا دادێت و باسی ده‌كه‌ین، بۆ فریشته‌كانی ملكه‌چ نه‌كردووه‌. به‌ڵام یه‌كێک له‌ شوێنێكدا گه‌واهیی دا و وتی: “مرۆڤ چییه‌ تاكو له‌ بیرت بێت؟ یان ڕۆڵه‌ی مرۆڤ تاكو به‌سه‌ری بكه‌یته‌وه‌؟ كه‌مێک له‌ فریشته‌كان كه‌مترت دانا، تاجی شكۆ و ڕێزت خسته‌ سه‌ری، كاره‌كانی ده‌ستی خۆتت پێ سپارد. هه‌موو شتێكت خسته‌ به‌رپێی”. چونكه‌ خودا هه‌موو شتێكی بۆ ملكه‌چ كردووه‌، هیچ شتێكی نه‌هێشته‌وه‌ ملكه‌چ بۆ نه‌كات. هه‌رچه‌نده‌ ئێستا نابینین هه‌موو شتێک ملكه‌چی كرابێت. به‌ڵام ئیشۆع ده‌بینین، ئه‌وه‌ی كه‌مێک له‌ فریشته‌كان كه‌متر دانرا، له‌به‌ر ئازاری مه‌رگ تاجی شكۆ و ڕێزی خراوه‌ته‌ سه‌ر، تاكو به‌ به‌خششی خودا له‌ جیاتی هه‌ر یه‌كێک مه‌رگ بچێژێ. چونكه‌ له‌ خودا ده‌وه‌شایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێک بۆ ئه‌وه‌ و هه‌موو شتێک به ئه‌وه‌، ڕۆڵه‌ی زۆر بهێنێت بۆ شكۆمه‌ندی، به‌ ته‌واوكردنی پێشڕه‌وایه‌تی ڕزگارییان به‌ ئازار. چونكه‌ پارساكار و پارساكان هه‌موو له‌ یه‌كێكه‌وه‌ن. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش شه‌رم ناكات به‌ برا ناویان ببات. ده‌فه‌رمووێ: “ناوی تۆ به‌ براكانم ڕاده‌گه‌یه‌نم، له‌ناوه‌ڕاستی وارگه‌دا ستایشت ده‌كه‌م”. هه‌روه‌ها: “من به‌وه‌ پشتبه‌ستوو ده‌بم”. دیسان: “ئه‌وه‌تا خۆم و ئه‌و ڕۆڵانه‌ی خودا پێیداوم”.