لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبڕانییه‌كان 8:11-30

عیبڕانییه‌كان 8:11-30 PNTZS

به‌ باوه‌ڕ كاتێ ئه‌وڕاهه‌م بانگكرا بچێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی خه‌ریک بوو به‌ میرات وه‌ریبگرێت، ده‌رچوو بێ ئه‌وه‌ی بزانێت بۆ كوێ ده‌چێت. به‌ باوه‌ڕ وه‌ک بێگانه‌ له‌ خاكی به‌ڵێنپێدراو نامۆ بوو، له‌ ڕه‌شماڵدا ژیا، وه‌ک ئسخه‌ق و یاقوو كه‌ له‌گه‌ڵیدا له‌ میراتی هه‌مان به‌ڵێن هاوبه‌شن. چونكه‌ چاوه‌ڕێی شاره‌كه‌ی ده‌كرد كه‌ بناغه‌كانی هه‌یه‌، كه‌ دروستگه‌ر و په‌یداگه‌ری خودایه‌. به‌ باوه‌ڕ، خودی سارا هه‌رچه‌نده‌ نه‌زۆک بوو توانای سک كردنی وه‌رگرت، كه‌ دوای ته‌مه‌نی ئاسایی منداڵی بوو، چونكه‌ دڵنیابوو ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی داوه‌ ڕاستگۆیه‌. بۆیه‌ له‌ پیاوێک له‌دایكبوو، هه‌روه‌ک مردووه‌، نه‌وه‌كان ژماره‌یان وه‌ک ئه‌ستێره‌ی ئاسمان، وه‌ک لمی سه‌ر كه‌ناری ده‌ریا له‌ ژماره‌ نه‌ده‌هات. هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ باوه‌ڕدا مردن و به‌ڵێنه‌كانیان وه‌رنه‌گرت، به‌ڵكو له‌ دووره‌وه‌ بینییان و بڕوایان پێ كرد و دانیان پیانا كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر زه‌ویدا نامۆ و بێگانه‌ن. ئه‌وانه‌ی ئه‌م شتانه‌ ده‌ڵێن، ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ داوای نیشتیمان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیری نیشتیمانیان بكردایه‌وه‌ كه‌ لێی ده‌رچووبوون، ئه‌وا هه‌لی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆی ده‌بوو. به‌ڵام ئێستا ئاره‌زووی نیشتیمانێكی باشتر ده‌كه‌ن، كه‌ ئاسمانییه‌كه‌یه‌. بۆیه‌ خودا شه‌رمی پێیان نییه‌ به‌ خودای ئه‌وان ناوببردرێت، چونكه‌ شارێكی بۆ ئاماده‌كردن. به‌ باوه‌ڕ ئه‌وڕاهه‌م، كاتێ خودا خستییه‌ ئه‌زموونه‌وه‌، ئسخه‌قی تاقانه‌كه‌ی وه‌ک قوربانی پێشكه‌ش كرد. ئه‌وه‌ی به‌ به‌ڵێنه‌كان وه‌ریگرت، كه‌ پێی وترا: “له‌ ئسخه‌قه‌وه‌ وه‌چه‌ت ناوده‌بردرێت”. ئه‌وڕاهه‌م داینابوو كه‌ خودا ده‌توانێت مردوو هه‌ستێنێته‌وه‌، له‌وه‌شه‌وه‌ به‌ مه‌جازییانه‌ ئسخه‌قی وه‌رگرته‌وه‌. به‌ باوه‌ڕ ئسخه‌ق یاقوو و عیسۆی داڕشت كرد، بۆ داهاتووه‌كان. به‌ باوه‌ڕ یاقوو له‌ سه‌ره‌مه‌رگیدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ كوڕه‌كانی یۆسپی داڕشت كرد و خۆی له‌سه‌ر ده‌سكی گۆچانه‌كه‌یدا دا و كڕنۆشی برد. به‌ باوه‌ڕ یۆسپ له‌ سه‌ره‌مه‌رگیدا باسی ده‌رچوونی نه‌وه‌ی ئیسڕائیلی كرد و ده‌رباره‌ی ئێسقانه‌كانی ڕایسپاردن. به‌ باوه‌ڕ كاتێ مووشێ له‌دایكبوو، سێ مانگ دایبابی شاردییانه‌وه‌، چونكه‌ بینییان كوڕه‌كه‌ جوانه‌، له‌ فه‌رمانی پاشا نه‌ترسان. به‌ باوه‌ڕ كاتێ مووشێ گه‌وره‌ بوو، نه‌یویست به‌ كوڕی كچی پڕعون ناوببردرێت. به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌گه‌ڵ گه‌لی خودا سووكایه‌تی پێ بكرێت، له‌وه‌ی له‌زه‌تێكی كاتیی له‌ گوناهدا هه‌بێت. ئه‌و شووره‌یی مه‌سیح به‌ سامانێكی مه‌زنتری دانا له‌ گه‌نجینه‌كانی میسڕ، چونكه‌ ده‌ڕوانیه‌ پاداشت. به‌ باوه‌ڕ میسڕی به‌جێهێشت و له‌ تووڕه‌یی پاشا نه‌ترسا. دانی به‌خۆیدا گرت وه‌ک ئه‌وه‌ ببینێ كه‌ نه‌بینراوه‌. به‌ باوه‌ڕ په‌سخه‌ی كرد و خوێنه‌كه‌ی پرژاند، نه‌وه‌ک له‌ناوبه‌ری نۆبه‌ره‌ ده‌ستیان لێ بدات. به‌ باوه‌ڕ به‌ ده‌ریای سووردا په‌ڕینه‌وه‌ وه‌ک به‌ وشكانیدا، به‌ڵام میسڕییه‌كان كاتێ ویستیان بیكه‌ن نوقوم بوون. به‌ باوه‌ڕ شووراكانی ئه‌ریخو ڕووخان، دوای ئه‌وه‌ی حه‌وت ڕۆژ به‌ ده‌وریدا سووڕانه‌وه‌.