لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 1:9-12

كردار 1:9-12 PNTZS

شاوول هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و كوشتنی به‌رامبه‌ر قوتابییه‌كانی په‌روه‌ردگار ده‌رده‌بڕی. چووه‌ لای كاهینی باڵا، داوای نامه‌ی لێكرد بۆ كه‌نیشته‌كانی دره‌مسوق، تاكو ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌ ڕێگا ببینێت، چ ژن و چ پیاو، به‌ به‌ندكراوی بۆ یروشلایمیان ببات. كه‌ ده‌ڕۆیشت و له‌ دره‌مسوق نزیكبووه‌وه‌، له‌پڕ ڕووناكییه‌ک له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری بریسكه‌ی دایه‌وه‌، كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی و ده‌نگێكی بیست، پێی فه‌رموو: “شاوول، شاوول! بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟” وتی: “گه‌وره‌م، تۆ كێیت؟” به‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “من ئیشۆعم، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌. بۆت زه‌حمه‌ته‌ لوشكه‌ له‌ نه‌قیزه‌ بده‌یت”. به‌ ترس و سه‌رسامیه‌وه‌ وتی: “په‌روه‌ردگار، ده‌ته‌وێ چی بكه‌م؟” په‌روه‌ردگرایش پێی فه‌رموو: “هه‌سته‌، بڕۆ نێو شار، له‌وێ پێت ده‌ووترێ ده‌بێ چی بكه‌یت”. پیاوانی گه‌شتیار كه‌ له‌گه‌ڵی بوون به‌ بێده‌نگی وه‌ستان، ده‌نگه‌كه‌یان بیست به‌ڵام كه‌سیان نه‌بینی. شاوول له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ هه‌ستایه‌وه‌، چاوی كرابووه‌وه‌ و كه‌سی نه‌ده‌بینی، ده‌ستیان گرت و هێنایانه‌ نێو دره‌مسوق. سێ ڕۆژ نه‌یده‌بینی، نه‌خوارد و نه‌خوارده‌وه‌. له‌ دره‌مسوق قوتابییه‌ک هه‌بوو ناوی خه‌نه‌نیا بوو، په‌روه‌ردگار له‌ بینیندا پێی فه‌رموو: “خه‌نه‌نیا!” وتی: “ئه‌وه‌تام په‌روه‌ردگار!” په‌روه‌ردگار پێی فه‌رموو: “هه‌سته‌ و بڕۆ ئه‌و شه‌قامه‌ی پێی ده‌ووترێ ڕاست، له‌ ماڵی ئیهوودا پرس له‌ پیاوێكی ته‌رسوسی بكه‌ ناوی شاووله‌، وا نوێژ ده‌كات. له‌ بینیندا پیاوێكی بینی ناوی خه‌نه‌نیایه‌، دێته‌ لای و ده‌ستی له‌ سه‌ری داده‌نێت تاكو ببینێته‌وه‌”.