لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 26:8-35

كردار 26:8-35 PNTZS

ئینجا فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له‌گه‌ڵ پیلیپوس دووا و وتی: “هه‌سته‌ و به‌ره‌و باشوور بڕۆ، له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ی له‌ یروشلایمه‌وه‌ بۆ غه‌زه‌ شۆڕ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ چۆڵه‌وانییه‌”. ئه‌ویش هه‌ستا و ڕۆیشت، پیاوێكی خه‌ساوی حه‌به‌شی، شالیاری دارایی كنداكه‌ی شاژنی حه‌به‌شه‌ بوو، بۆ كڕنۆشبردن هاتبووه‌ یروشلایم. له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دابوو، له‌نێو گالیسكه‌كه‌ی دانیشتبوو، سیپاره‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ری ده‌خوێنده‌وه‌. ڕووحی پارسا به‌ پیلیپوسی فه‌رموو: “بڕۆ پێش و به‌گه‌ڵ ئه‌و گالیسكه‌یه‌ بكه‌وه‌”. ئیتر پیلیپوس په‌له‌ی كرد و گوێی لێبوو سیپاره‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ر ده‌خوێنێته‌وه‌. وتی: “ئایا ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنیته‌وه‌ تێیده‌گه‌یت؟” وتی: “چۆن بتوانم ئه‌گه‌ر یه‌كێک ڕێبه‌رایه‌تیم نه‌كات؟”. جا پیلیپوسی بانگكرد سه‌ربكه‌وێت و له‌گه‌ڵی دابنیشێت. ئه‌و بڕگه‌یه‌ی سیپاره‌كه‌ كه‌ ده‌یخوێنده‌وه‌ ئه‌مه‌ بوو: {وه‌ک كاوڕ بۆ سه‌ربڕین بردرا، وه‌ک به‌رخێكی بێده‌نگ له‌به‌رده‌ست ئه‌وه‌ی خوری لێده‌بڕێته‌وه‌، ئاوا ده‌می نه‌كرده‌وه‌. له‌ خاكساریی خۆی بوو و مافی لێ زه‌وت كرا. نه‌وه‌كانی كێ باسیان بكات؟ چونكه‌ ژیانی له زه‌وی هه‌ڵگیرا} . خه‌ساوه‌كه‌ پرسی له‌ پیلیپوس كرد و وتی: “پرسێكم هه‌یه‌: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ باسی كێ ده‌كات؟ باسی خۆی یان یه‌كێكی دیكه‌؟” پیلیپوس ده‌می كرده‌وه‌ و له‌م سیپاره‌یه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد موژده‌ی ئیشۆعی پێ دا.