لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 33:27-44

كردار 33:27-44 PNTZS

كاتێ خه‌ریک بوو ڕۆژ هه‌ڵده‌هات، پۆڵۆس تكای له‌ هه‌مووان كرد نان بخۆن، وتی: “ئه‌مه‌ ڕۆژی چوارده‌یه‌مینه‌ و ئێوه‌ چاوه‌ڕوان و به‌رده‌وامن بێ ئه‌وه‌ی هیچ بخۆن و هیچ وه‌ربگرن. بۆیه‌ تكاتان لێ ده‌كه‌م نان بخۆن، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ ڕزگاربوونتانه‌. كه‌ستان تاڵێكی سه‌ری ناكه‌وێت”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، نانێكی هه‌ڵگرت و له‌به‌رده‌م هه‌مووان سوپاسی خودای كرد، ئینجا له‌تیكرد و ده‌ستی به‌ خواردن كرد. ئیتر هه‌موو دڵیان خۆش بوو و ئه‌وانیش نانیان برد. ئه‌وانه‌ی نێو كه‌شتییه‌كه‌ هه‌موومان دوو سه‌د و حه‌فتا و شه‌ش كه‌س بووین. كه‌ تێر نانیان خوارد، به‌ فڕێدانی گه‌نمه‌كان بۆ نێو ده‌ریا كه‌شتییه‌كه‌یان سووككرد. كاتێ ڕۆژ‌بووه‌وه‌، وشكاییه‌كه‌یان نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام كه‌نداوێكیان بینی كه‌ناری هه‌بوو، ده‌یانویست ئه‌گه‌ر بتوانن كه‌شتییه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ ببه‌ن. ئینجا له‌نگه‌ره‌كانیان پساند و له‌ ده‌ریادا به‌جێیان هێشتن، له‌ هه‌مان كات گوریسی سه‌وڵه‌كانی ئاراسته‌كردنیان شل كرد و چارۆگه‌یان بۆ با هه‌ڵكردووه‌كه‌ هه‌ڵدا، به‌ره‌و كه‌ناره‌كه‌ ڕۆیشتن. به‌ڵام كه‌وته‌ ته‌نكاو و كه‌شتییه‌كه‌یان به‌ره‌و وشكایی برد، كه‌ پێشه‌كه‌ی گیربوو و نه‌جووڵا، له‌به‌ر توندی شه‌پۆڵ پشته‌وه‌ی تێكده‌شكا. پلانی سه‌ربازه‌كان ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ندكراوان بكوژن نه‌وه‌ک كه‌سیان مه‌له‌ بكات و هه‌ڵبێت. به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ ده‌یویست پۆڵۆس ڕزگار بكات، پلانه‌كه‌ی ڕاگرتن، فه‌رمانی دا ئه‌وانه‌ی ده‌توانن مه‌له‌ بكه‌ن با یه‌كه‌مجار ئه‌وان خۆیان فڕێده‌ن و بگه‌نه‌ وشكایی. ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ندێكیان به‌ ته‌خته‌ و هه‌ندێكیان به‌ پارچه‌كانی كه‌شتییه‌كه‌. ئیتر هه‌موو به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتنه‌ وشكایی.