لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 18:27-44

كردار 18:27-44 PNTZS

بۆ سبه‌ینێ ڕه‌شه‌باكه‌ توند بوو، ده‌ستیان به‌ سووككردنی باره‌كه‌ كرد. له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا به‌ ده‌ستی خۆمان كه‌لوپه‌لی كه‌شتییه‌كه‌مان فڕێدا. ڕۆژانێكی زۆر نه‌ خۆرمان بینی و نه‌ ئه‌ستێره‌، ڕه‌شه‌باكه‌ به‌هێزتر ده‌بوو، له‌ كۆتاییدا هه‌موو هیوایه‌كی ڕزگاربوونمان بڕا. كاتێ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو نانیان نه‌خواردبوو، پۆڵۆس له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاوه‌ستا و وتی: “كوڕینه‌، ده‌بووایه‌ گوێتان له‌ من بگرتایه‌ و قرێتێتان به‌جێ نه‌هێشتایه‌، ئه‌وسا له‌م تێكشكان و زیانه‌ دوور ده‌بوون. ئێستاش ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ دڵخۆش بن، چونكه‌ كه‌ستان ژیانی له‌ده‌ست نادات، كه‌شتییه‌كه‌ نه‌بێت. چونكه‌ ئه‌مشه‌و فریشته‌ی ئه‌و خوداوه‌نده‌ی كه‌ من هی ئه‌وم و ده‌یپه‌رستم هاته‌ لام، فه‌رمووی: پۆڵۆس مه‌ترسه‌! ده‌بێت تۆ له‌به‌رده‌م قه‌یسه‌ڕ ڕاوه‌ستیت و ئه‌وه‌تا خودا ژیانی هه‌موو ئه‌وانه‌ت ده‌داتێ كه‌ له‌گه‌ڵت گه‌شت ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ كوڕینه‌، دڵخۆش بن. چونكه‌ باوه‌ڕم به‌ خودا هه‌یه‌ كه‌ ئاوا ده‌بێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی پێم وتراوه‌. به‌ڵام ده‌بێت بكه‌وینه‌ سه‌ر دوورگه‌یه‌ک”. له‌ شه‌وی چوارده‌یه‌میندا كه‌ هێشتا له‌ ده‌ریای هدرییوس وێڵ بووین و ده‌هاژووراین، له‌ نیوه‌ شه‌ودا كه‌شتیوانان وایانزانی له‌ وشكایی نزیک ده‌بنه‌وه‌. كه‌ پێوایان بینییان بیست باڵایه‌. كه‌مێک ڕۆیشتن و پێوایانه‌وه‌ بینییان پازده‌ باڵایه‌. ده‌ترسان نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ سه‌ر به‌رد، له‌ پشته‌وه‌ چوار له‌نگه‌ریان شۆڕكرده‌وه‌ و ده‌پاڕانه‌وه‌ تاكو ڕۆژ هه‌ڵبێت. كه‌شتیوانان هه‌وڵیان دا له‌ كه‌شتییه‌كه‌ هه‌ڵبێن، كه‌شتیی ڕزگاربوونیان بۆ ده‌ریا شۆڕكرده‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ چه‌ند له‌نگه‌رێک بهاوێنه‌ پێشه‌وه‌. پۆڵۆس به‌ سه‌رپه‌ل و سه‌ربازه‌كانی وت: “ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ له‌ كه‌شتییه‌كه‌دا نه‌مێننه‌وه‌، ئه‌وا ئێوه‌ ڕزگارتان نابێت”. ئه‌وسا سه‌ربازه‌كان گوریسی كه‌شتیه‌كه‌یان بڕی و هێشتیان بكه‌وێت. كاتێ خه‌ریک بوو ڕۆژ هه‌ڵده‌هات، پۆڵۆس تكای له‌ هه‌مووان كرد نان بخۆن، وتی: “ئه‌مه‌ ڕۆژی چوارده‌یه‌مینه‌ و ئێوه‌ چاوه‌ڕوان و به‌رده‌وامن بێ ئه‌وه‌ی هیچ بخۆن و هیچ وه‌ربگرن. بۆیه‌ تكاتان لێ ده‌كه‌م نان بخۆن، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ ڕزگاربوونتانه‌. كه‌ستان تاڵێكی سه‌ری ناكه‌وێت”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، نانێكی هه‌ڵگرت و له‌به‌رده‌م هه‌مووان سوپاسی خودای كرد، ئینجا له‌تیكرد و ده‌ستی به‌ خواردن كرد. ئیتر هه‌موو دڵیان خۆش بوو و ئه‌وانیش نانیان برد. ئه‌وانه‌ی نێو كه‌شتییه‌كه‌ هه‌موومان دوو سه‌د و حه‌فتا و شه‌ش كه‌س بووین. كه‌ تێر نانیان خوارد، به‌ فڕێدانی گه‌نمه‌كان بۆ نێو ده‌ریا كه‌شتییه‌كه‌یان سووككرد. كاتێ ڕۆژ‌بووه‌وه‌، وشكاییه‌كه‌یان نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام كه‌نداوێكیان بینی كه‌ناری هه‌بوو، ده‌یانویست ئه‌گه‌ر بتوانن كه‌شتییه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ ببه‌ن. ئینجا له‌نگه‌ره‌كانیان پساند و له‌ ده‌ریادا به‌جێیان هێشتن، له‌ هه‌مان كات گوریسی سه‌وڵه‌كانی ئاراسته‌كردنیان شل كرد و چارۆگه‌یان بۆ با هه‌ڵكردووه‌كه‌ هه‌ڵدا، به‌ره‌و كه‌ناره‌كه‌ ڕۆیشتن. به‌ڵام كه‌وته‌ ته‌نكاو و كه‌شتییه‌كه‌یان به‌ره‌و وشكایی برد، كه‌ پێشه‌كه‌ی گیربوو و نه‌جووڵا، له‌به‌ر توندی شه‌پۆڵ پشته‌وه‌ی تێكده‌شكا. پلانی سه‌ربازه‌كان ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ندكراوان بكوژن نه‌وه‌ک كه‌سیان مه‌له‌ بكات و هه‌ڵبێت. به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ ده‌یویست پۆڵۆس ڕزگار بكات، پلانه‌كه‌ی ڕاگرتن، فه‌رمانی دا ئه‌وانه‌ی ده‌توانن مه‌له‌ بكه‌ن با یه‌كه‌مجار ئه‌وان خۆیان فڕێده‌ن و بگه‌نه‌ وشكایی. ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ندێكیان به‌ ته‌خته‌ و هه‌ندێكیان به‌ پارچه‌كانی كه‌شتییه‌كه‌. ئیتر هه‌موو به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتنه‌ وشكایی.