لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 17:21-40

كردار 17:21-40 PNTZS

كاتێ گه‌یشتینه‌ یروشلایم، برایان به‌ خۆشییه‌وه‌ پێشوازییان لێكردین. ڕۆژێک دواتر پۆڵۆس له‌گه‌ڵمان هاته‌ لای یاقوو، هه‌موو پیرانیش ئاماده‌بوون. پۆڵۆس سڵاوی لێكردن و یه‌ک به‌ یه‌كی ئه‌وه‌ی پێ ڕاگه‌یاندن كه‌ خودا له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا به‌هۆی ڕاژه‌كه‌ی كردی. كه‌ گوێیان لێبوو، خودایان شكۆدار كرد و پێیان وت: “برا تۆ ده‌بینیت به‌ هه‌زاران هه‌ن له‌نێو جووه‌كاندا باوه‌ڕیان هێناوه‌ و هه‌موو دڵگه‌رمی ته‌وراتن. وایان بیستووه‌ كه‌ تۆ هه‌موو ئه‌و جووانه‌ی له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندان فێری هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌كه‌یت له‌ مووشێ و پێیان ده‌ڵێی كوڕانیان خروسه‌بڕان نه‌كه‌ن و به‌گوێره‌ی نه‌ریت نه‌ژین. كه‌واته‌ چی بكرێت؟ هه‌ر ده‌بێ جه‌ماوه‌ر كۆ ببنه‌وه‌، بێگومان ده‌بیستن كه‌ تۆ هاتوویت، جا ئه‌وه‌ بكه‌ كه‌ پێت ده‌ڵێین: چوار پیاومان له‌لایه‌ نه‌زریان له‌سه‌ره‌. بیانبه‌ و له‌گه‌ڵیان خۆت بێگه‌رد بكه‌وه‌ و نرخی سه‌رتاشینه‌كه‌یان بۆ بده‌، ئه‌وسا هه‌مووان ده‌زانن ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی تۆ پێیان ووتراوه‌ ڕاست نییه‌، تۆش به‌ پاراستنی ته‌ورات ڕه‌فتار ده‌كه‌یت. ده‌رباره‌ی نه‌ته‌وه‌كانیش كه‌ باوه‌ڕیان هێناوه‌، په‌یامێكمان ناردووه‌ و فه‌رمانمان كرد خۆیان له‌ قوربانی بت و له‌ خوێن، له‌ خنكاو و له‌ داوێنپیسی بپارێزن”. بۆ به‌یانی پۆڵۆس پیاوه‌كانی برد و له‌گه‌ڵیان خۆی بێگه‌رد كرده‌وه‌، چووه‌ نێو په‌رستگا تاكو تێبینی بدات بۆ كۆتایی هاتنی ڕۆژانی بێگه‌ردبوونه‌وه‌، تاكو له‌ جیاتی هه‌ر یه‌كێكیان قوربانییه‌كه‌ی بكات. كاتێ خه‌ریک بوو حه‌وت ڕۆژه‌كه‌ ته‌واو بێت، جووه‌كانی ئاسیا له‌نێو په‌رستگا بینییان، هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌یان جۆش دا و گرتییان، هاواریان ده‌كرد: “پیاوانی ئیسڕائیل فریابكه‌ون! ئه‌مه‌ ئه‌و پیاوه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێک دژ به‌ گه‌ل و ته‌ورات و ئه‌م شوێنه‌ هه‌موو خه‌ڵک فێرده‌كات، ته‌نانه‌ت یۆنانیشی هێناوته‌ په‌رستگا و ئه‌م شوێنه‌ پارسا‌یه‌ی گڵاو كرد!” چونكه‌ ترۆپیمۆسی خه‌ڵكی ئه‌پیسۆسییان له‌ شاره‌كه‌دا له‌گه‌ڵی بینیبوو، وایانزانی پۆڵۆس له‌گه‌ڵ خۆی هێناویه‌تییه‌ په‌رستگا. ئینجا هه‌موو شاره‌كه‌ وروژا، خه‌ڵكه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ڕژان و پۆڵۆسیان گرت، ڕایانكێشایه‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رستگا و یه‌كسه‌ر ده‌رگاكان داخران. كاتێ هه‌وڵی كوشتنیان ده‌دا، هه‌واڵ به‌ فه‌رمانده‌ی هێز درا كه‌ هه‌موو یروشلایم شڵه‌ژاوه‌. یه‌كسه‌ر سه‌رباز و سه‌رپه‌لی برد و ڕایكرده‌ لایان. كه‌ فه‌رمانده‌ و سه‌ربازه‌كانیان بینی له‌ لێدانی پۆڵۆس وه‌ستان. ئیتر فه‌رمانده‌كه‌ نزیكبووه‌وه‌ و گرتی، فه‌رمانی دا به‌ دوو زنجیر بیبه‌ستنه‌وه‌، ئینجا پرسی كرد ئاخۆ كێیه‌؟ و چی كردووه‌؟ به‌ڵام له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ هه‌ندێک هاواری شتێكیان ده‌كرد و هه‌ندێک شتێكی دیكه‌. جا به‌هۆی ئاژاوه‌ نه‌یتوانی ڕاستییه‌كه‌ بزانێت، فه‌رمانی دا ببردرێته‌ سه‌ربازگه‌. كاتێ له‌سه‌ر قاڵدرمه‌كان بوو، له‌به‌ر تووندوتیژی كۆمه‌ڵه‌كه‌ سه‌رباز هه‌ڵیانگرت. چونكه‌ جه‌ماوه‌ری گه‌ل دوای كه‌وتبوون و هاواریان ده‌كرد: “له‌ ناوی ببه‌!”. خه‌ریک بوو پۆڵۆس بچێته‌ سه‌ربازگاكه‌، به‌ فه‌رمانده‌كه‌ی وت: “ده‌توانم شتێكت پێ بڵێم؟” وتی: “یۆنانی ده‌زانیت؟ تۆ پیاوه‌ میسڕییه‌كه‌ نیت ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاژاوه‌یه‌كت نایه‌وه‌ و به‌ چوار هه‌زار بكوژه‌وه‌ به‌ره‌و بیابان ده‌رچوو؟” پۆڵۆس وتی: “من پیاوێكی جووی ته‌رسوسی قیلیقیام. داوات لێ ده‌كه‌م ڕێگام بده‌ی قسه‌ بۆ گه‌له‌كه‌ بكه‌م”. كه‌ ڕێگای دا، پۆڵۆس له‌سه‌ر قاڵدرمه‌كان ڕاوه‌ستا، به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ كرد. كاتێ بێده‌نگ بوون، به‌ زمانی عیبری قسه‌ی بۆ كردن و وتی

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان