لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 5:2-18

كردار 5:2-18 PNTZS

جووی له‌خواترسی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ژێر ئاسمان له‌ یروشلایم نیشته‌جێ ببوون. كاتێ ده‌نگه‌كه‌ هات، جه‌ماوه‌ر كۆبوونه‌وه‌ و په‌شێو بوون، چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌یان گوێی له‌ زمانی خۆی ده‌بوو پێی ده‌دووان. هه‌مووان حه‌په‌سابوون و به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ به‌یه‌كتریان وت: “ئه‌رێ هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌ ده‌كه‌ن گلیلایی نین؟ ئه‌ی چۆن هه‌ریه‌كه‌مان گوێی له‌ زمانی خۆی ده‌بێت كه‌ لێی له‌دایكبووه‌؟ ئێمه‌ی خه‌ڵكی په‌رتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، ئیهوود و قاپودقیا، پونتوس و ئاسیا، پرۆگیا و په‌مپۆلیا، میسڕ و ده‌ڤه‌ره‌كانی لیبیا ڕووه‌و قه‌ورینێین، هه‌روه‌ها لایده‌كانی ڕۆما جوو و به‌جووبوو قرێتێی و عه‌ره‌ب، ئه‌وه‌تا گوێمان لێیانه‌ به‌ زمانی خۆمان باسی كرداره‌ مه‌زنه‌كانی خودا ده‌كه‌ن!”. هه‌موو سه‌رسام و حه‌په‌سا بوون، به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ده‌بێ ئه‌مه‌ چی بێت؟” هه‌ندێكی دیكه‌ به‌ گاڵته‌ پێكردنه‌وه‌ ده‌یانووت: “مه‌یی نوێیان زۆر خواردۆته‌وه‌”. په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ یازده‌كه‌ ڕاوه‌ستا، ده‌نگی به‌رزكرده‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌ی پیاوانی جوو و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ یروشلایم دانیشتوون، با ئه‌مه‌ له‌لاتان زانراو بێت و گوێ له‌ قسه‌كانم بگرن، چونكه‌ وه‌ک بیرده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌مانه‌ سه‌رخۆش نین، چونكه‌ كاژێر سێی ڕۆژه‌! به‌ڵكو به‌هۆی یۆئیل پێغه‌مبه‌ر وتراوه‌: {خودا ده‌فه‌رمووێ: له‌ ڕۆژانی پایاندا ڕووحم‌ به‌سه‌ر هه‌موو ئاده‌میزاداندا ده‌ڕێژم. كوڕان و كچانتان پێشبینی ده‌كه‌ن، گه‌نجه‌كانتان بینین ده‌بینن، پیره‌كانتان خه‌ون ده‌بینن. ته‌نانه‌ت به‌ سه‌ر كۆیله‌ و كه‌نیزه‌كانیشم، له‌و ڕۆژانه‌دا ڕووحم ده‌ڕێژم وئه‌وانیش پێشبینی ده‌كه‌ن.