لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 25:2-41

كردار 25:2-41 PNTZS

چونكه‌ داوید ده‌رباه‌ری ده‌ڵێ: {هه‌میشه‌ په‌روه‌ردگار له‌به‌رده‌مم ده‌بینی، ئه‌و له‌لای ڕاستمه‌وه‌یه‌، تاكو نه‌هه‌ژێم. بۆیه‌ دڵشاد بووم و زمانم له‌ هه‌ڵهه‌ڵه‌دایه‌، ته‌نانه‌ت جه‌سته‌م له‌ هیوادا نیشته‌جێیه‌، چونكه‌ تۆ گیانم له‌ دۆڵی بێبندا به‌جێ‌ ناهێڵیت، هه‌روه‌ها ناهێڵیت تاقانه‌ی پارسای خۆت بۆگه‌نی ببینێت. ڕێگاكانی ژیانت پێ ناساندم، له‌گه‌ڵ ڕووی خۆت دڵم پڕی شادی ده‌كه‌یت} . برایان، ڕێگا دراوه‌ به‌ ئاشكرا پێتان بڵێم كه‌ داویدی باوكمان مرد و نێژرا، گۆڕه‌كه‌شی تاكو ئه‌مڕۆ له‌لامانه‌. ئه‌ویش كه‌ پێغه‌مبه‌ر بوو، ده‌یزانی خودا به‌ سوێند، سوێندی بۆ خواردووه‌ كه‌ له‌ به‌رهه‌می پشتی ئه‌و به‌پێی جه‌سته‌ مه‌سیح له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی داده‌نیشێت. پێشبینیی كرد و باسی هه‌ستانه‌وه‌ی مه‌سیحه‌كه‌ی كرد، كه‌ نه‌ له‌ دۆڵی بێبندا به‌جێ هێڵدرا و نه‌ جه‌سته‌شی بۆگه‌نی بینی. ئه‌م ئیشۆعه‌ خودا هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ئێمه‌ش هه‌موومان گه‌واهیده‌رین بۆی. ئینجا بۆ لای ڕاستی خودا به‌رزكرایه‌وه‌ و به‌ڵێنی ڕووحی پارسای له‌ باوكه‌وه‌ وه‌رگرت، ئه‌مه‌ی ڕژاند كه‌وا ئێوه‌ ده‌یبینن و ده‌یبیستن. داوید بۆ ئاسمان به‌رز نه‌بووه‌وه‌، به‌ڵكو خۆی ده‌ڵێت: { په‌روه‌ردگار به‌ په‌روه‌ردگارمی فه‌رموو: له‌لای ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێیه‌كانت}. جا با هه‌موو ماڵی ئیسڕائیل به‌ دڵنیایی بزانن، ئه‌م ئیشۆعه‌ی ئێوه‌ له‌خاچتان دا، خودا كردییه‌ په‌روه‌ردگار و مه‌سیح”. كاتێ گوێیان لێبوو، دڵیان كون بوو، به‌ په‌تڕۆس و هه‌موو په‌یامبه‌رانیان وت: “برایان، چی بكه‌ین؟” په‌تڕۆس پێی وتن: “تۆبه‌ بكه‌ن، با هه‌ریه‌كه‌تان به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحه‌وه‌ عه‌ماد بكرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهه‌كانتان و دیاریی ڕووحی پارسا وه‌ربگرن. چونكه‌ به‌ڵێنه‌كه‌ بۆ خۆتان و منداڵه‌كانتان و بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دوورن، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندمان بانگییان ده‌كات”. به‌ زۆر قسه‌ی دیكه‌ش گه‌واهیی بۆ دان و ئامۆژگاریی ده‌كردن و ده‌یووت: “خۆتان له‌م نه‌وه‌ چه‌وته‌ ڕزگار بكه‌ن”. جا به‌ خۆشییه‌وه‌ قسه‌كه‌یان وه‌رگرت و عه‌مادكران، له‌و ڕۆژه‌دا نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌س هاتنه‌ پاڵ.