لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 1:2-18

كردار 1:2-18 PNTZS

كه‌ ڕۆژی په‌نجایه‌مین داهات، هه‌موو پێكه‌وه‌ له‌ یه‌ک شوێندا بوون، له‌ناكاو ده‌نگێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ وه‌ک ڕه‌شه‌با هات، ئه‌و ماڵه‌ی پڕكرد كه‌ تیایدا دانیشتبوون. ئینجا چه‌ند زمانێكی دابه‌شبوو وه‌ک ئاگر بۆیان ده‌ركه‌وت و له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان نیشته‌وه‌. هه‌موویان پڕبوون له‌ ڕووحی پارسا و به‌ زمانه‌كانی دیكه‌ قسه‌یان كرد، وه‌ک ڕووح پێی به‌خشین. جووی له‌خواترسی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ژێر ئاسمان له‌ یروشلایم نیشته‌جێ ببوون. كاتێ ده‌نگه‌كه‌ هات، جه‌ماوه‌ر كۆبوونه‌وه‌ و په‌شێو بوون، چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌یان گوێی له‌ زمانی خۆی ده‌بوو پێی ده‌دووان. هه‌مووان حه‌په‌سابوون و به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ به‌یه‌كتریان وت: “ئه‌رێ هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌ ده‌كه‌ن گلیلایی نین؟ ئه‌ی چۆن هه‌ریه‌كه‌مان گوێی له‌ زمانی خۆی ده‌بێت كه‌ لێی له‌دایكبووه‌؟ ئێمه‌ی خه‌ڵكی په‌رتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، ئیهوود و قاپودقیا، پونتوس و ئاسیا، پرۆگیا و په‌مپۆلیا، میسڕ و ده‌ڤه‌ره‌كانی لیبیا ڕووه‌و قه‌ورینێین، هه‌روه‌ها لایده‌كانی ڕۆما جوو و به‌جووبوو قرێتێی و عه‌ره‌ب، ئه‌وه‌تا گوێمان لێیانه‌ به‌ زمانی خۆمان باسی كرداره‌ مه‌زنه‌كانی خودا ده‌كه‌ن!”. هه‌موو سه‌رسام و حه‌په‌سا بوون، به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ده‌بێ ئه‌مه‌ چی بێت؟” هه‌ندێكی دیكه‌ به‌ گاڵته‌ پێكردنه‌وه‌ ده‌یانووت: “مه‌یی نوێیان زۆر خواردۆته‌وه‌”. په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ یازده‌كه‌ ڕاوه‌ستا، ده‌نگی به‌رزكرده‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌ی پیاوانی جوو و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ یروشلایم دانیشتوون، با ئه‌مه‌ له‌لاتان زانراو بێت و گوێ له‌ قسه‌كانم بگرن، چونكه‌ وه‌ک بیرده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌مانه‌ سه‌رخۆش نین، چونكه‌ كاژێر سێی ڕۆژه‌! به‌ڵكو به‌هۆی یۆئیل پێغه‌مبه‌ر وتراوه‌: {خودا ده‌فه‌رمووێ: له‌ ڕۆژانی پایاندا ڕووحم‌ به‌سه‌ر هه‌موو ئاده‌میزاداندا ده‌ڕێژم. كوڕان و كچانتان پێشبینی ده‌كه‌ن، گه‌نجه‌كانتان بینین ده‌بینن، پیره‌كانتان خه‌ون ده‌بینن. ته‌نانه‌ت به‌ سه‌ر كۆیله‌ و كه‌نیزه‌كانیشم، له‌و ڕۆژانه‌دا ڕووحم ده‌ڕێژم وئه‌وانیش پێشبینی ده‌كه‌ن.