لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 22:16-40

كردار 22:16-40 PNTZS

ئیتر كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێكڕا لێیان هه‌ستان و فه‌رمانڕه‌واكان جله‌كانیان دڕاند و فه‌رمانیان دا داركاری بكرێن. جا زۆر داركارییان كردن و خستیاننه‌ زیندانه‌وه‌، چاودێری زیندانه‌كه‌یان ڕاسپارد كه‌ به‌ توندی پاسه‌وانیان بكات. ئه‌ویش كه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ی وه‌رگرت، فڕێیدانه‌ نێو قووڵایی زیندانه‌كه‌ و پێیانی خسته‌ نێو كۆته‌وه‌. له‌ نیوه‌ی شه‌ودا پۆڵۆس و شیلا نوێژیان ده‌كرد و ستایشی خودایان ده‌كرد، به‌ندكراوانیش گوێیان لێبو. له‌ناكاو بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی مه‌زن ڕوویدا، گۆشه‌كانی زیندانه‌كه‌ی هه‌ژاند، یه‌كسه‌ر هه‌موو ده‌رگاكان كرانه‌وه‌ و كۆتی هه‌مووان كرایه‌وه‌. كه‌ چاودێری زیندانه‌كه‌ به‌ ئاگا هات و بینی ده‌رگاكانی زیندانه‌كه‌ كراونه‌ته‌وه‌، شمشێری هه‌ڵكێشا به‌ته‌مابوو خۆی بكوژێت، وایزانی به‌ندكراوان ڕایانكردووه‌. پۆڵۆس به‌ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “هیچ له‌ خۆت مه‌كه‌! هه‌موومان لێره‌ین!”، ئه‌ویش داوای ڕووناكی كرد، چووه‌ ژووره‌وه‌ و ده‌له‌رزی، له‌به‌رده‌م پۆڵۆس و شیلا چۆكی دادا. ئه‌وسا بردنییه‌ ده‌ره‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌كانم، پێویسته‌ چی بكه‌م تاكو ڕزگارم بێت؟” وتیان: “باوه‌ڕ به‌ په‌روه‌ردگار ئیشۆعی مه‌سیح بهێنه‌، خۆت و خانه‌واده‌كه‌ت ڕزگارتان ده‌بێت”. جا به‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار بۆ خۆی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌یدا بوون دووان. ئیتر له‌و كاته‌ی شه‌و بردنی و برینه‌كانی تیماركردن، یه‌كسه‌ر خۆی و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی عه‌مادكران. ئینجا بردنییه‌ ماڵ و خواردنی بۆ دانان، خۆی و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی زۆر دڵشادبوون، كه‌ باوه‌ڕیان به‌ خودا هێنا. كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌واكان پۆلیسیان نارد و وتیان: “ئه‌و دوو پیاوه‌ ئازاد بكه‌”. چاودێری زیندان ئه‌م هه‌واڵه‌ی دایه‌ پۆڵۆس كه‌ فه‌رمانڕه‌وایان ناردوویانه‌ كه‌ ئازاد بكرێن، بۆیه‌ ئێستا وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ئاشتی بڕۆن. جا پۆڵۆس پێی وتن: “بێ حوكمدان به‌ ئاشكرا داركارییان كردین و فڕێیانداینه‌ زیندان، ئێمه‌ش هاوڵاتیی ڕۆمانین، ئایا ئێستاش به‌ نهێنی قاومان ده‌ده‌ن؟ نه‌خێر! به‌ڵكو با خۆیان بێن ده‌رمان بهێنن”. پۆلیسه‌كان ئه‌م قسانه‌یان به‌ فه‌رمانڕه‌وایان ڕاگه‌یاند، جا كاتێ زانییان ئه‌وان ڕۆمانین ترسان. ئیتر هاتن و لێیان پاڕانه‌وه‌، بردییاننه‌ ده‌ره‌وه‌ و داوایان لێكردن شاره‌كه‌ به‌جێبهێڵن. جا له‌ زیندانه‌كه‌ ده‌رچوون و چوونه‌ لای لوودییا، له‌وێ خوشک و برایانیان بینی و دڵنه‌واییان كردن و ده‌رچوون.