لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م تیماتیئوس 3:6-21

یه‌كه‌م تیماتیئوس 3:6-21 PNTZS

ئه‌گه‌ر یه‌كێک به‌ فێركردنێكی دیكه‌ خه‌ڵک فێرده‌كات كه‌ ناگونجێت له‌گه‌ڵ وشه‌ی دروستی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان و له‌گه‌ڵ ئه‌و فێركردنه‌ی له‌سه‌ر خوداناسی ڕاوه‌ستاوه‌، ئه‌وا لووتبه‌رزه‌ و هیچ تێناگات، به‌ڵكو حه‌ز له‌ شه‌ڕه‌قسه‌ و ده‌م ده‌مانێ ده‌كات كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئیره‌یی و ناكۆكی و بوختان و گومانی خراپ و ململانێ. ئه‌مانه‌ش خه‌ڵكانێكن كه‌ هزریان گه‌نده‌ڵ بووه‌ و ڕه‌وایان لێ ون بووه‌، خوداناسی به‌ بازرگانی داده‌نێن، له‌و كه‌سانه‌ دوور بكه‌وه‌. ڕاسته‌ خوداناسی ئه‌گه‌ر به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ بێت بازرگانییه‌كی مه‌زنه‌. چونكه‌ هیچمان نه‌هێناوه‌ بۆ جیهان، ئاشكرایه‌ ناتوانین هیچیشی لێ ببه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌. جا ئه‌گه‌ر خواردن و پۆشاكمان هه‌یه‌ با پێی ڕازیبین. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ ده‌وڵه‌مه‌ند بن، ده‌كه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌ و داو، زۆر ئاره‌زووی گه‌وج و زیانبه‌خش كه‌ مرۆڤ تێبكه‌وێت و له‌ناوبچێت. چونكه‌ خۆشویستنی پاره‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو خراپه‌یه‌كه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێ كه‌س به‌ دوایدا بگه‌ڕێن ون ده‌بن له‌ باوه‌ڕیان و خۆیان تووشی ئازارێكی زۆر ده‌كه‌ن. به‌ڵام تۆ، ئه‌ی پیاوی خودا له‌م شتانه‌ هه‌ڵبێ. به‌دوای خوداناسی و خواترسی و باوه‌ڕ و خۆشویستن و دانبه‌خۆداگرتن و دڵنه‌رمیدا بگه‌ڕێ. له‌ تێكۆشانی باوه‌ڕدا باش تێبكۆشه‌، ده‌ست به‌ ژیانی جاویدانیه‌وه‌ بگره‌، ئه‌وه‌ی خودا بانگی كردووی بۆی، كاتێ باش دانت پیاناوه‌ له‌به‌رده‌م گه‌واهیده‌ری زۆردا. ڕاتده‌سپێرم له‌به‌رده‌م خودا، ئه‌وه‌ی هه‌مووان زیندوو ده‌كاته‌وه‌ و له‌به‌رده‌م ئیشۆعی مه‌سیح، ئه‌وه‌ی گه‌واهیی باشی دا له‌لای پیڵاتوسی پونتی، كه‌وا به‌ بێگه‌ردی و بێ گله‌یی ئه‌و ڕاسپاردانه‌ بپارێزیت، تاكو ڕۆژی ده‌ركه‌وتنی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، ئه‌وه‌ی خودا له‌ كاتی دیاریكراو ده‌ریده‌خات، خودای پیرۆز و تاقه‌ سه‌رۆک، پاشای پاشایان، په‌روه‌ردگاری په‌روه‌ردگاران، ته‌نها ئه‌و نه‌مره‌، له‌ ڕووناكیه‌ک نیشته‌جێیه‌ كه‌ كه‌س لێی نزیک نابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌یبینیوه‌ و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئه‌وه‌ ڕێز و توانای جاویدانی. ئامین. ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌م ڕۆژگاره‌ ڕاسپێره‌ لووتبه‌رز نه‌بن و هیوایان به‌ سامانی له‌ناوچوو نه‌بێت، به‌ڵكو به‌ خودای زیندوو، كه‌ هه‌موو شتێكمان به‌ تێروپڕی ده‌داتێ تاكو خۆشیی لێ ببینین. ڕایانبسپێره‌ چاكه‌ بكه‌ن و له‌ كاری چاكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بن، ده‌ستواڵا بن له‌ به‌خشین و له‌ یارمه‌تیدان، به‌م شێوه‌یه‌ گه‌نجینه‌ و بناغه‌یه‌كی چاک بۆ دواڕۆژ داده‌نێن و ژیانێكی جاویادانی به‌ده‌ست ده‌هێنن. تیماتیئوس، سپارده‌كه‌ بپارێزه‌. خۆت دوور بخه‌وه‌ له‌ قسه‌ی ناڕه‌وا و له‌و وته‌ بێ كه‌ڵكانه‌ی به‌ درۆ ناونراوه‌ زانست، كه‌ هه‌ندێ كردیانه‌ پیشه‌ و سه‌باره‌ت به‌ باوه‌ڕ گومڕا بوون. به‌خششت له‌گه‌ڵ بێت. ئامین.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان