لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م یوخه‌ننه‌ن 1:2-14

یه‌كه‌م یوخه‌ننه‌ن 1:2-14 PNTZS

ڕۆڵه‌كانم، ئه‌مانه‌تان بۆ ده‌نووسم تاكو گوناه‌ نه‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک گوناهی كرد، ئه‌وا له‌لای باوک داكۆكیكارمان هه‌یه‌ ئیشۆعی مه‌سیحی بێتاوان. ئه‌و گوناه پۆشی گوناهه‌كانمانه‌، نه‌ک ته‌نها گوناهه‌كانی ئێمه‌، به‌ڵكو گوناهه‌كانی هه‌موو جیهانیش. به‌مه‌ ده‌زانین ئه‌ومان ناسیوه‌: ئه‌گه‌ر ڕاسپارده‌كانی بپارێزین. ئه‌وه‌ی وتی: “ناسیومه‌” و ڕاسپارده‌كانی ناپارێزێت، ئه‌وا درۆزنه‌ و ڕه‌وای تێدا نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی وشه‌كه‌ی بپارێزێت، ئه‌وا به‌ ڕاستی خۆشویستنی خودا له‌مه‌دا ته‌واوه‌. به‌مه‌ ده‌زانین ئێمه‌ له‌و داین: ئه‌وه‌ی وتی: له‌ودا جێگیره‌، ئه‌وا ده‌بێ به‌ هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌و ژیاوه‌ ئاوا بژیێت. برایان، ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان بۆ نانووسم، به‌ڵكو ڕاسپارده‌یه‌كی كۆنه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌لاتان بوو. ڕاسپارده‌ كۆنه‌كه‌ ئه‌و وشه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا گوێتان لێیبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان بۆ ده‌نووسم، ئه‌و ڕه‌وایه‌ی له‌ ئه‌و و ئێوه‌دا هه‌یه‌: چونكه‌ تاریكی به‌سه‌رچوو، وا ڕووناكییه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ پرشنگ ده‌داته‌وه‌. ئه‌وه‌ی وتی: له‌ ڕووناكیدام و ڕقی له‌ براكه‌ی ببێته‌وه‌، ئه‌وه‌ تا ئێستا له‌ تاریكیدایه‌. ئه‌وه‌ی براكه‌ی خۆشبووێ له‌ ڕووناكیدا جێگیر ده‌بێت و كۆسپی تێدا نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕقی له‌ براكه‌ی بێته‌وه‌، ئه‌وا له‌ تاریكیدایه‌ و به‌ تاریكیدا ده‌ڕوات، نازانێت بۆ كوێ ده‌ڕوات، چونكه‌ تاریكی چاوی كوێر كردووه‌. بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، ڕۆڵه‌كان، چونكه‌ له‌پێناوی ناوی ئه‌و گوناهه‌كانتان به‌خشران. بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، باوكه‌كان، چونكه‌ ئه‌وه‌تان ناسیوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌یه‌. بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، لاوه‌كان، چونكه‌ به‌دكارتان به‌زاند. بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، منداڵه‌كان، چونكه‌ باوكتان ناسیوه‌. بۆ ئێوه‌م نووسی، باوكه‌كان، چونكه‌ ئه‌وه‌تان ناسیوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌یه‌. بۆ ئێوه‌م نووسی، لاوه‌كان، چونكه‌ به‌هێزن، وشه‌ی خوداتان تێدا جێگیره‌ و به‌دكارتان به‌زاندووه‌.