YouVersion Logo
Search Icon

یەرمیا 3:31-14

یەرمیا 3:31-14 KSS

لە دێرزەمانەوە یەزدانمان بۆ دەرکەوتووە و دەفەرموێت: «بە خۆشویستنێکی هەتاهەتایی ئێوەم خۆشدەوێت، لەبەر ئەوە بەردەوامیم دا بە خۆشەویستی نەگۆڕم بۆ ئێوە. ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بنیادت دەنێمەوە، بنیاد دەنرێیتەوە. دووبارە دەفەکانت هەڵدەگریتەوە بۆ ناو سەمای بەزمگێڕان دەچیت. دووبارە ڕەزەمێو دەچێنیت لە چیاکانی سامیرە، ڕەزەوانەکان دەچێنن و بەرەکەی دەخۆن. ڕۆژێک دێت چاودێران لە شاخەکانی ئەفرایم بانگەواز دەکەن: ”وەرن، با بۆ سییۆن سەربکەوین، بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان.“» یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بە شادییەوە گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن، هاواری خۆشی بکەن بۆ سەر باشترین نەتەوە. با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن: ”ئەی یەزدان، گەلی خۆت ڕزگار بکە، پاشماوەکەی ئیسرائیل!“ ئەوەتا من لە خاکی باکوورەوە دەیانهێنمەوە، لە هەموو لایەکی زەوی کۆیان دەکەمەوە، لەنێویان شەل و نابینا دەبێت ژنی سکپڕ و ژانگرتوو پێکەوە، کۆمەڵێکی گەورە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە. بە گریانەوە دێن، لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە، بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم، بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون، چونکە من باوکی ئیسرائیلم، ئەفرایم نۆبەرەمە. «ئەی نەتەوەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، لە کەنارە دوورەکان ڕابگەیەنن: ”ئەوەی ئیسرائیلی پەرتەوازە کرد، کۆیان دەکاتەوە، وەک شوان مێگەلی خۆی دەپارێزێت،“ چونکە یەزدان نرخی ئازادبوونی یاقوبی دا، لە دەست ئەوەی لەو بەهێزتر بوو کڕییەوە. جا دێن و لە بەرزاییەکانی سییۆن هاواری خۆشی دەکەن. لەبەر خێروبێری یەزدان دەگەشێنەوە، بەسەر دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەوە، بەسەر بەرخ و گوێرەکەوە. وەک باخچەیەکی تێر ئاو دەبن، جارێکی دیکە سیس نابن. ئەوسا پاکیزەکان سەما دەکەن و دڵشاد دەبن، گەنجان و پیران پێکەوە. شینیان دەگۆڕم بە شادی، دڵنەواییان دەکەم و لەدوای پەژارەییان دڵخۆشیان دەکەم. کاهینەکان تێر دەکەم لە چەوری، گەلەکەم لە خێروبێرم تێر دەبن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.