YouVersion Logo
Search Icon

یەرمیا 5:1-19

یەرمیا 5:1-19 KSS

«پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی، پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت، تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.» بەڵام من گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، وتەبێژی لە توانامدا نییە، چونکە تەمەنم بچووکە.» ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «مەڵێ: ”تەمەنم بچووکە.“ بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت. لێیان مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم: «دڵنیابە، من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە. ببینە، ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن، بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.» ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی یەرمیا، چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «چڵە بادەمێک دەبینم.» یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکت بینی، چونکە من لەسەر فەرمایشتەکەم چاودێر دەبم بۆ ئەنجامدانی.» دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «مەنجەڵێک دەبینم هەڵمی لێ هەڵدەستێت و ڕووی بەرەو باشوورە.» یەزدانیش پێی فەرمووم: «لە باکوورەوە بەڵا بۆ هەموو دانیشتووانی خاکەکە دەبارێت. خەریکم بانگەواز دەکەم بۆ هەموو نەتەوەکانی شانشینەکانی باکوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «جا پاشاکانیان دێن و هەریەکە و تەختی خۆی لە داڵانی دەروازەی ئۆرشەلیم دادەنێت، هێرش دەبەن بۆ سەر هەموو شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیم و بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا. منیش حوکمەکانم بەسەریان ڕادەگەیەنم، لەسەر هەموو خراپەکانیان کە وازیان لێ هێنام و بۆ خوداکانی دیکە بخووریان سووتاند و بۆ دەستکردەکانی دەستی خۆیان کڕنۆشیان برد. «تۆش بازووی خۆتی لێ هەڵبکە! هەستە و قسەیان لەگەڵ بکە سەبارەت بە هەموو ئەوەی من فەرمانت پێدەدەم. لێیان مەتۆقە، نەوەک لەبەردەمیان بتتۆقێنم. من ئەمڕۆ تۆم کردووەتە شارێکی قەڵابەند و کۆڵەکەی ئاسن و دیواری بڕۆنز، لە دژی هەموو خاکەکە، پاشاکانی یەهودا، پیاوە گەورەکانی، کاهینەکانی و گەلی خاکەکە. لە دژت دەجەنگن و دەرەقەتت نایێن، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.